ده‌وڵه‌تدارى له دیدی فۆكۆیامادا...
حكومه‌تى به‌رپرسیار
حكومه‌تى به‌رپرسیار
هێمن میرانى
سێیه‌م پایه‌ى سیستمى سیاسى، له پاڵ ده‌وڵه‌ت و رۆڵى قانون كه له وتاره‌كانى پێشوو باس كران، بریتیه له بوونى حكومه‌تێكى به‌رپرسیار. فرانسیس فۆكۆیاما له كتێبى " بنچینه‌كانى سیستمى سیاسى" ده‌رباره‌ى حكومه‌تى به‌رپرسیار - Accountable government ده‌ڵێ " بوونى حكومه‌تى به‌رپرسیار ماناى ئه‌وه‌یه كه سه‌ركرده و ده‌سه‌ڵاتداره‌كان هه‌ست بكه‌ن كه ئه‌وان به‌رپرسیارن به‌رامبه‌ر به‌و خه‌ڵكه‌ى كه سه‌ركردایه‌تیان ده‌كه‌ن، به‌مه‌ش به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى ئه‌وان بخه‌نه پێش به‌رژه‌وه‌ندى خۆیان" .
سێیه‌م پایه‌ى سیستمى سیاسى، له پاڵ ده‌وڵه‌ت و رۆڵى قانون كه له وتاره‌كانى پێشوو باس كران، بریتیه له بوونى حكومه‌تێكى به‌رپرسیار. فرانسیس فۆكۆیاما له كتێبى " بنچینه‌كانى سیستمى سیاسى" ده‌رباره‌ى حكومه‌تى به‌رپرسیار - Accountable government ده‌ڵێ " بوونى حكومه‌تى به‌رپرسیار ماناى ئه‌وه‌یه كه سه‌ركرده و ده‌سه‌ڵاتداره‌كان هه‌ست بكه‌ن كه ئه‌وان به‌رپرسیارن به‌رامبه‌ر به‌و خه‌ڵكه‌ى كه سه‌ركردایه‌تیان ده‌كه‌ن، به‌مه‌ش به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى ئه‌وان بخه‌نه پێش به‌رژه‌وه‌ندى خۆیان" .
![]() |
خه‌بات 2014/12/29 |
فۆكۆیاما ده‌ڵێ له مێژوودا به رێگه‌ى جۆراوجۆر كار بۆ هێنانه كایه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاتدارێكى به‌رپرسیار كراوه. بۆ نمونه له شارستانێتى چین و ئه‌و وڵاتانه‌ى له ژێر كاریگه‌رى فه‌یله‌سوفى ناودارى چینى كۆنفۆشیوس دا بوون، ئه‌م پرسه وه‌كو پرۆسه‌یه‌كى په‌روه‌رده‌یی و ئه‌خلاقی سه‌یر كراوه. له‌م وڵاتانه‌دا میره‌كان وا په‌روه‌رده ده‌كران كه هه‌ست به به‌رپرسیارێتى بكه‌ن به‌رامبه‌ر به هاووڵاتیهكانیان، ئه‌مه‌ش له رێى پرۆسه‌یه‌كى درێژیی په‌روه‌رده‌یی كه دواتر له رێى دامه‌زراندنى كۆمه‌ڵێك راوێژكارى باڵا كه له كاتى حوكم كردن‌دا به‌رده‌وامێتى پێ ده‌درا. ئه‌و راوێژكارانه راوێژیان ده‌دایه سه‌ركرده‌كان ده‌رباره‌ى حوكمرِانێتى و بوون به سه‌ردارێكى باش بۆ وڵات و خه‌ڵك. ئه‌م په‌روه‌رده ئه‌خلاقیه له سه‌رده‌مى نوێ‌دا و له كۆمه‌ڵگه‌ى نا دیموكراسدا فۆرمى جۆراوجۆرى وه‌رگرتووه. فۆكۆیاما دوو نمونه‌ى جیاوازى عێراقى سه‌رده‌مى سه‌ددام حوسێن و ئه‌رده‌نى ژێر حوكمرِانێتى خێزانى شا حوسێن دێنێته‌وه. له نمونه‌ى یه‌كه‌مدا دیاره كه سیستمى سیاسى له عێراق به فۆرمێك له دیكتاتۆرێتى توندوتیژ به پله‌ى یه‌كه‌م خرابووه خزمه‌ت گروپێكى بچووكى خێزانى سه‌ددام حوسێن و دۆست و كه‌س و كارى. له به‌رامبه‌ردا، حوكمى شاهانه له ئه‌رده‌ن، ئه‌گه‌رچى به ته‌واوى سیستمێكى به‌رپرسیار نیه به‌رامبه‌ر به خه‌ڵك ته‌نیا له رێى پارله‌مانى ئه‌و وڵاته‌وه نه‌بێ كه ئه‌ویش ده‌سه‌ڵاتێكى یه‌كجار سنووردارى هه‌یه، كه‌چى ئه‌وان به شێوه‌یه‌كى وریایانه هه‌وڵیانداوه خواستى گروپى جۆراوجۆرى نێو كۆمه‌ڵگه‌ى ئه‌رده‌نى بهێننه دى. فۆكۆیاما له هێنانه‌وه‌ى ئه‌و دوو نمونه‌یه ئه‌وه‌مان پێ ده‌ڵێ كه له نه‌بوونى به‌رپرسیارێتى دامودهزگایى و ره‌سمى، ده‌سه‌ڵات یان به ته‌واوى ده‌خرێته خزمه‌ت دهستهبژێرێكى بچووكى وه‌كو به‌عسییه تكریتیهكانى سه‌رده‌مى سه‌ددام، یان ده‌كرێ وه‌كو پادشاى ئه‌رده‌ن قازانجه‌كانى بۆ خواره‌وه‌ى كۆمه‌ڵگه‌ش شۆرِبكرێنهوه و ده‌سه‌ڵات هه‌ست به جۆرێك له پابه‌ندێتى ئه‌خلاقى به‌رامبه‌ر به خه‌ڵكى خۆى بكات. له‌به‌رامبه‌ر مۆدێلى یه‌كه‌م كه زیاتر وه‌كو به‌رپرسیارێتى ئه‌خلاقى په‌روه‌رده‌یی ناسراوه، فۆكۆیاما مۆدێلى به‌رپرسیارێتى ره‌سمى Formal accountability باس ده‌كات كه حكومه‌ت له‌وێدا به فه‌رمى په‌یوه‌سته به سیستمێك كه تیایدا ده‌سه‌ڵاته‌كانى سنووردار كراون و خراونه‌ته ژێر چاودێرى و لێپرسینه‌وه. ئه‌م سیستمه زیاتر له ده‌ستورى وڵات‌دا له سه‌رده‌مى ئێستادا روونكردنه‌وه‌ى بۆ كراوه. ئه‌م خاسیه‌ته، ده‌سه‌ڵات ده‌داته هاوڵاتیان كه توانایان هه‌بێ حكومه‌تى وڵاته‌كه‌یان به ته‌واوى بگۆرِن ئه‌گه‌ر سه‌رپێچى كرد malfeasance، ناكارایی و نه‌شیاوێتى incompetenceخۆى سه‌لماند، یان ده‌سه‌ڵاته‌كانى خراپ به‌كارهێنا abuse of power. له ئێستادا ئه‌و فۆرمه‌ى به‌رپرسیارێتى بوون له به‌شێكى زۆرى وڵاتانى دیموكراسدا له پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردنى فره‌ییدا خۆى به‌رجه‌سته ده‌كات. له‌وێدا هاوڵاتى ئه‌و مافه‌ى هه‌یه كه ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ى له چوار ساڵى رابردوو حوكمى وڵاته‌كه‌ى كردووه بخاته به‌رده‌م به‌رپرسیارێتى و به هۆى ده‌نگدانه‌وه یان متمانه‌ى بۆ نوێ بكاته‌وه یان دوورى بخاته‌وه. فۆكۆیاما ده‌ڵێ من به مه‌به‌ست ده‌ڵێم حكومه‌تى به‌رپرسیار و ناڵێم دیموكراسى، چونكه ده‌كرێ سیستمى سیاسى دیموكراسیش نه‌بێ به‌ڵام جۆرێك یان هه‌ندێ فۆرمى به‌رپرسیارێتى تێدا بێ. ئه‌و دیسان نمونه به چین ده‌هێنێته‌وه كه ئه‌گه‌ر چى حكومه‌تى چین هه‌ڵبژێردراو و دیموكراس نیه و خه‌ڵك ئه‌و مافه‌ى نیه كه بیگۆرِێ، به‌ڵام حكومه‌ت تا ئاستى زۆر خۆ به به‌رپرس ده‌زانێ به‌رامبه‌ر به خه‌ڵك و له زۆر بوار‌و پرسدا به خێرایی وه‌ڵامى داخوازى خه‌ڵك ده‌داته‌وه ئه‌مه‌ش به پله‌ى یه‌كه‌م بۆ رێگرى كردن له فراوان بوون و ته‌شه‌نه‌كردنى نارِهزایی گشتى كه به لاى ئه‌وان ده‌بێته هۆكارى نا سه‌قامگیرى سیاسى و كۆمه‌ڵایه‌تى. فۆكۆیاما له كتێبى ئاماژه‌بۆكراودا ده‌چێته‌وه سه‌ره‌تاكانى سنورداركردنى ده‌سه‌ڵاته‌كانى پادشاكانى ئه‌وروپا كه سه‌ره‌تا له رێى قانون و ده‌سته‌یه‌ك دادوه‌ر، بۆ نمونه له به‌ریتانیا، ده‌سه‌ڵاته‌كانى شا سنووردار و رێكخران تا له سه‌ده‌ى بیستدا زیاتر سیستمى دیموكراسى گه‌شه‌ى كرد و هه‌ڵبژاردن وه‌كو یه‌كێك له ئامرازه‌كانى ئه‌و سیستمه بۆ ئاڵوگۆرِى ده‌سه‌ڵات خرایه كار. به تایبه‌ت دواى ئه‌وه‌ى ئه‌وروپییه‌كان به‌و باوهرِه گه‌یشتن كه بونیادنانى ده‌وڵه‌ت به بێ بوونى سه‌روه‌رى قانون و حكومه‌تێكى به‌رپرسیار ته‌نیا ده‌بێته هۆى هاتنه‌كایه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاتێكى زۆردار و دیكتاتۆر. وڵاتانى ئه‌وروپاش هه‌موویان به یه‌ك رێگه و یه‌ك نمونه‌دا نه‌رۆیشتوون، وه‌كو ئاشكرایه كه ئه‌زموونى جۆراوجۆر له نێو كیشوه‌رى ئه‌وروپادا هه‌یه كه ئیسپانیا و به‌ریتانیا و وڵاتانى ئه‌سكه‌نده‌نافی و وڵاتانى رۆژهه‌ڵاتى ئه‌وروپا هه‌ر یه‌كه و جۆرێك له سیستمى حوكمرِانى ئه‌زموون كردووه تا به ئهمرِۆ گه‌یشتووه. له خستنه رووى مۆدێله‌كانى ئه‌وروپادا، بوونى پارلهمانێكى كارا و به‌هێزى وه‌كو ئه‌وه‌ى به‌ریتانیا، یه‌كێكه له پێشمهرجهكانى به‌رپرسیار بوونى حكومه‌ت چونكه پارله‌مان له چوارچێوه‌ى خولێكى هه‌ڵبژاردندا به نوێنه‌رایه‌تى خه‌ڵك چاودێرى حكومه‌ت ده‌كات و ده‌یخاته به‌رده‌م لێپرسینه‌وه.
فۆكۆیاما گه‌یشتن به قۆناغى حكومه‌تى به‌رپرسیار ده‌خاته نێو چوارچێوه‌یه‌كى درێژى مێژووى خه‌باتى مرۆڤایه‌تى له پێناوى وه‌ك یه‌كیدا. له‌م روانگه‌یه‌وه ده‌ست بۆ مێژووى ململانێكانى نێو چه‌رخه‌كانى ناوهرِاست له ئه‌وروپا و قۆناغى به‌ندایه‌تى و دواتر ریفۆرم و هاتنه كایه‌وه‌ى چاپ له ئه‌وروپا ده‌بات كه ده‌رفه‌تى دایه خه‌ڵك خۆیان فێرى خوێنده‌وارى بكه‌ن و ئینجیل بخوێننه‌وه و له‌وێدا باوهرِى یه‌كسانى فێر ببن به بێ ئه‌وه‌ى پێویستیان به‌وه هه‌بێ پیاوانى كلێسا بۆ به‌رژه‌وه‌ندى خۆیان و ده‌سه‌ڵات لێكدانه‌وه‌ى جیاواز بۆ ده‌قه‌كان بكه‌ن. فۆكۆیاما تیشك ده‌خاته سه‌ر خه‌باتى یه‌كسانى له ئه‌مریكا و وته‌ى سه‌رۆكى ئه‌مریكى تۆماس جیفرسن دێنێته‌وه كه ده‌ڵێ " هه‌موو مرۆڤه‌كان به یه‌كسانى له دایك ده‌بن". له‌م چوارچێوه‌یه‌وه كاتێك مرۆڤ د‌رك ده‌كات كه یه‌كسانه له گه‌ڵ خه‌ڵكانى دیكه، به تایبه‌ت له گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتداران، هه‌نگاوى دووه‌م ئه‌وه ده‌بێ كه ده‌سه‌ڵاتدارانیش به مرۆڤى ئاسایی وه‌كو خۆى بزانێ نه‌ك وه‌كو خه‌ڵكى بژارده یان دهستنیشانكراوى ده‌ستى خودا وه‌كو ئه‌وه‌ى جاران له سه‌رده‌مى كۆن به پادشاكان ده‌گوترا. كه ده‌سه‌ڵاتدارى وه‌كو مرۆڤێكى ئاسایی ناسى، ئیدى قۆناغى ره‌خنه‌گرتن له كهموكورِییهكانى و هه‌وڵدان بۆ گۆرِینى به كه‌س و گروپێكى باشتر ده‌ست پێ ده‌كات. فۆكۆیاما له كۆى ئه‌و هه‌موو نمونه و ئه‌زموونه‌ى له‌و كتێبه‌دا ده‌یخاته روو، ئامانجى ئه‌وه‌یه كه ئه‌و گریمانه‌یه بسه‌لمێنێ كه بوونى چاودێرى به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات و كاربه‌ده‌ستان كارێكى یه‌كجار پێویسته، چونكه له ده‌ره‌وه‌ى چاودێریدا ئه‌گه‌ر زۆره كه ده‌سه‌ڵات خاسیه‌تى نوێنه‌رایه‌تى كردنى به‌رژه‌وه‌ندى و خه‌مى گشتى له ده‌ست بدات و كاربه‌ده‌ستان بكه‌ونه نێو خولیاى ئاراسته‌كردنى سهروهتى گشتى بۆ به‌رژه‌وه‌ندییه تایبه‌ته‌كانى خۆیان. ئه‌و باوهرِى وایه كه مرۆڤ به سروشت خۆویسته بۆیه ده‌بێ چاودێرى بكرێ تا هه‌وڵ نه‌دات حه‌زه كه‌سییه بێسنوورهكانى خۆى له‌سه‌ر حساب و به‌رژه‌وه‌ندى گشتى پێش بخات. له كۆتاییدا، بوونى تۆرِى جۆراوجۆرى داموده‌زگاى چاودێرى به‌سه‌ر یه‌كترى ئه‌ركێكى گرنگ و پێویستى به زیندوو هێشتنه‌وه‌ى سیستمى سیاسییه. هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك كه خه‌ون به پێشكه‌وتنى سیاسییه‌وه ببینێ، پێویستى به پارله‌مانى هه‌ڵبژێردراو و كارا هه‌یه كه به وردى چاودێرى حكومه‌ت بكات و خه‌ڵكیش له خواره‌وه چاودێرى هه‌ردوو ده‌زگا و ده‌زگاكانى دیكه‌ى ده‌وڵه‌ت بكه‌ن و به‌رده‌وام بیانخاته به‌رده‌م ره‌خنه و لێپرسینه‌وه.
* ئه‌م وتاره رۆژی 29 ی دیسه‌مبه‌ری 2014 له رۆژنامه‌ی خه‌بات بڵاو بۆته‌وه
Comments
Post a Comment