چۆن كۆمپانیاى ئیكسۆن مۆبیل هاته كوردستان و دواتر چى قه‌وما!
رۆیته‌رز دیووه نه‌گوتراوه‌كانى چیرۆكه‌كه دهگێرِێتهوه
هه‌رێمێك كه هێشتا به‌شێكه له وڵاتێكى پرِ ئاژاوه و رق و كینه‌ى قوڵى وه‌كو عێراق، ده‌رو دراوسێكانیشى درِدۆنگانه له پێشكه‌وتنه‌كانى دهرِوانن، و ركابه‌ره سیاسییه ناوخۆییه‌كانى خودى هه‌رێمه‌كه خۆشى، هێشتا له قۆناغه هه‌ره به‌راییه‌كانى مهراسۆنى سیاسى دیموكراسیدان. له وه‌ها دۆخێك‌دا هه‌نگاوه‌كان له رووى سیاسى و ئابوریه‌وه ده‌بێ زۆر وریایانه و زیره‌كانه هه‌ڵبگیرێن. هه‌رێمى كوردستان ئێستا له هه‌ر كاتێك زیاتر به هۆى شهرِى دژى گروپى تیرۆریستى داعش له ژێر زووى میدیاى جیهانیدایه، له پاڵ ئه‌مه‌ش چیرۆكى جۆراوجۆر له پاڵ ئازایه‌تى پێشمه‌رگه‌دا ده‌بنه مانشێتى میدیا و ئاژانسه‌كانى هه‌واڵ. هه‌فته‌ى رابردوو ئاژانسى نێوده‌وڵه‌تى رۆیته‌رز راپۆرتێكى درێژى ده‌رباره‌ى سه‌ره‌تا ململانێكانى هاتنى كۆمپانیاى نه‌وتى ئه‌مریكى، ئیكسۆن مۆبیل بۆ كوردستان بڵاو كرده‌وه. راپۆرته‌كه له لایه‌ن هه‌ر سىَ رۆژنامه‌نووس دیمیترى ژانیكۆڤ له له‌نده‌ن، ئیزابیل كۆلس له هه‌ولێر و نێد پاركه‌ر له به‌غدا ئاماده كراوه و تیشك ده‌خاته سه‌ر ململانێكانى نێوان به‌غدا و هه‌ولێر و ئه‌مریكا له سه‌ر كه‌رتى وزه‌ى كوردستان و چۆنیه‌تى سه‌ركه‌وتنى كوردستان له راكێشانى سه‌رنجى كۆمپانیا دیاره‌كانى وزه‌ى دونیا بۆ ئه‌وه‌ى بێنه هه‌رێم و وه‌به‌رهێنان له بوارى وزه‌دا بكه‌ن سهرهرِاى بوونى ده‌یان كێشه له گه‌ڵ به‌غدا و ئه‌مریكا و هێزه هه‌رێمیه‌كان.
هێمن میرانى
كێ ئیكسیۆنى نارده كوردستان؟
راپۆرته‌كه باس له پیاوێك ده‌كات كه كورد نیه و سوكانى ئیكسۆن مۆبیلى بۆ لاى كوردستان سورِاندۆتهوه. ئه‌و پیاوه ناوى عه‌لى ئهلخزیرى یه، كه راوێژكارى باڵیۆزهكانى ئه‌مریكا و پێشتریش راوێژكارى ژهنهراڵهكانى بوو له عێراق و له كاتى سه‌ردانى جۆرج بوش ى سه‌رۆكى پێشووى ئه‌مریكا بۆ عێراق و كۆبوونه‌وه‌ى له گه‌ڵ نورى مالیكى سه‌رۆك وه‌زیرانى پێشووى عێراق، خزیرى له ته‌ك بوش وه‌ستا بوو راوێژى پێ ده‌دا. ئه‌و گه‌نجه عێراقیه هه‌ر له دواى ته‌واوبوونى ئه‌ركه دیبلۆماسییه‌كانى، له كانونى یه‌كه‌مى 2011 كۆمپانیاى ناودارى ئه‌مریكى ئیكسۆن مۆبیل Exxon Mobil رایكێشا لاى خۆى و ناو و پله وپۆستى شایسته‌ى پێ به‌خشى. له گه‌ڵ ده‌ست به‌كاربوونى، له ماوه‌ى چه‌ند مانگێكدا، خزیرى له كۆبوونه‌وه‌یه‌كى له گه‌ڵ ئیكسۆندا بیر‌و بۆچوونه‌كانى خۆى ده‌رباره‌ى دۆخى عێراق خسته به‌رده‌ستیان. خزیرى به كاربه‌ده‌ستانى ئیكسۆنى راگه‌یاند كه " عێراق له ژێر رێبه‌رایه‌تى نورى مالیكى رووى له دیكتاتۆریه‌ت و شهرِى ئه‌هلیه. توندوتیژى به‌ره‌و زیادبوونه و به‌غدا به ته‌واوى ئیفلیج ده‌بێ. عێراق ده‌بێته وڵاتێكى هاوپه‌یمان و روو له ئێران ده‌بێ و ئه‌مه‌ش دژه كاریگه‌رى له‌سه‌ر كۆمپانیا ئه‌مریكیه‌كان به‌جێ ده‌هێڵێ". رۆیته‌ز ده‌ڵێ "هه‌رچه‌نده دوو ساڵ زووتر، واته له ساڵى 2009، ئیكسۆن كۆنتراكتێكى به به‌هاى 25 ملیار دۆلار له گه‌ڵ حكومه‌تى به‌غدا بۆ به‌ره‌وپێشبردنى كێڵگه‌ى قورِنهى باشوور له نزیك به‌سره، كه یه‌كێكه له گه‌وره‌ترین كێڵگه‌كانى نه‌وت له عێراق، مۆركردبوو، سیناریۆ تاقهتپرِوكێنهكهى ئهلخزیرى سه‌رنجى جێبه‌جێكارانى كۆمپانیاى ئیكسیۆن ى راكێشا". ئهلخزیرى به رۆیته‌رزى گوتووه كه " بێگومان هیچ كه‌سێك نایه‌وێ گوێى له‌وه بێ كه ئه‌و وڵاته‌ى گفتوگۆیه‌كى چه‌ندین ملیار دۆلارى له‌گه‌ڵ ده‌كات، له ئاینده‌یه‌كى نزیكدا دهرِوخێ". له به‌رامبه‌ر پێشبینى كردنى ئه‌و ئاینده ره‌شه بۆ عێراق، ئهلخزیرى پێشنیارى كردووه كه نیكسۆن مۆبیل روو له كوردستان بكات. رۆیته‌رز نوسیویهتى " ئه‌و پێشنیارى كوردستانى كرد، كه هه‌رێمێكى نیمچه سه‌ربه‌خۆیه له باكورى عێراق و له رووى سیاسییه‌وه سه‌قامگیره به به‌راورد به‌و نائۆقرهییهى له باشوردا هه‌یه و به گوێره‌ى هه‌ندێ پێشبینى، خاوه‌نى یه‌ده‌گى نه‌وتیه به برِى 45 ملیار به‌رمیل". كه‌متر له ساڵێك دواى ئه‌و گفتوگۆ و راوێژانانه، ئیكسۆن هاته كوردستان و رێكه‌وتنى له گه‌ڵ حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان واژوو كرد.
به نهێنى ده‌ستیان پێكرد
گفتوگۆ نهێنیه‌كان ساڵى 2011 ده‌ستیان پێكرد. له پاڵ كۆمپانیاى ئیكسۆن، گه‌وره كۆمپانیاى شێل، كه كۆمپانیایه‌كى ئه‌نگلو ئه‌ڵمانى فره ره‌گه‌زه و ناوه‌ندى سه‌ره‌كى له هۆڵه‌ندا و به‌ریتانیایه، هاته نێو مامه‌ڵه‌كه‌وه. به‌شداره نزیكه‌كانى ئه‌م دانوسانانه به رۆیته‌رزیان گوتووه كه برِیارى ئیكسۆن مۆبیل بۆ سه‌رمایه‌گوزارى له بوارى وزه له كوردستان، به‌غدا و واشنتنى له لایه‌ك زۆر تورِه كرد‌و، له لایه‌كى دیكه‌ش ته‌كانێكى گه‌وره‌ى به ئامانجه دووره‌كانى كورد بۆ سه‌ربه‌خۆیدا. رۆیته‌رز ده‌ڵێ "ئه‌و كۆنتراكتهى له گه‌ڵ ئیكسۆن كرا، وزه‌ى به‌خشیه باوهرِ به خۆبوونى كورد. ئاماده‌بوونى گه‌وره‌ترین كۆمپانیاى نه‌وتى ئه‌مریكى ته‌نیا هاوكارییه‌كى دارایی و سیاسییه نیه بۆ كوردستان، به‌ڵكو هاوكارییه‌كى ده‌روونیشه". دكتۆر فوئاد حوسێن، سه‌رۆكى دیوانى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێمى كوردستان تیشكى خستۆته سه‌ر بایه‌خى مامه‌ڵه‌كانى نه‌وت له پرۆسه‌ى بونیادنانى كوردستان و به ئاماده‌كارانى راپۆرته‌كه‌ى گوتووه "به‌شێك له پرۆسه‌ى بونیادنانى هه‌رێمى ئێمه په‌یوه‌سته به گرێبه‌سته‌كانى نه‌وت، واژووكردنى كۆنتراكت و گفتوگۆكان له‌گه‌ڵ وڵاته جۆراوجۆره‌كان". دكتۆر حوسێن ده‌رباره‌ى گرێبه‌سته‌كه‌ى ئیكسۆن ده‌ڵێ " ئه‌و گرێبه‌سته سه‌ركه‌وتنێكى گه‌وره‌یه بۆ ئێمه چونكه وزه‌ى به‌خشیه ئه‌و رێكه‌وتن و مامه‌ڵه بچووكانه‌ى هه‌رێم كه پێشتر له گه‌ڵ كۆمپانیاى دیكه‌دا هه‌یبوو".
رێكه‌وتنه‌كه‌ى هه‌ولێر و به‌غدا
راپۆرته‌كه وه‌كو هه‌ر شیكارێكى دیكه‌ى رۆژنامه‌وانى بیانى، به بێ باس كردن له سه‌ربه‌خۆیی كوردستان و كاریگه‌رییه‌كانى ئه‌و مامه‌ڵه نه‌وتیانه كۆتایی نه‌هاتووه. له به‌شێكى راپۆرته‌كه‌دا تیشك خراوه‌ته سه‌ر ئه‌م بابه‌ته. رۆیته‌رز ده‌ڵێ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى هه‌ولێر مامه‌ڵه‌ى له گه‌ڵ ئیكسۆن هه‌یه، رێگه‌ى كوردستان بۆ سه‌ربه‌خۆیی و ده‌وڵه‌تدارى روون و دڵنیا نیه. سه‌ربه‌خۆیی له لایه‌ن واشنتن و به‌غدا و وڵاتانى دراوسێى وه‌كو توركیا و ئێران دژایه‌تى ده‌كرێ. هێشتا دیاریش نیه كه ئاخۆ كورده‌كان بایی ئه‌وه‌نده به هێزن كه به ته‌نیا بتوانن له‌و ناوچه شلۆقه له‌سه‌ر پێى خۆیان بوه‌ستن. له‌و كاته‌ى ملیشیاكانى داعش له هاوینى رابردوو له پێشرِهوییهكانیان له عێراق سه‌ركه‌وتن، هێزه‌كانى به‌غدا رووخاون و پێشمه‌رگه‌ى كوردستانیان به ته‌نیا له سه‌نگه‌ره‌كانى شهرِكردن بۆ وه‌ستاندنى توندرِهوان به‌جێ هێشت. كاتێك داعش ههرِهشهى داگیركردنى هه‌ولێرى پایته‌ختى كوردستانى عێراقى كرد، ئه‌مریكا له رێى هه‌ڵمه‌تى بۆردوومانكردنى داعشه‌وه هاوكارى كورده‌كانى كرد. له سێشه‌ممه، رێكه‌وتنێكى كاتى له نێوان به‌غدا و هه‌ولێر بۆ كۆتایی هێنان به ناكۆكیه‌كانى ناردنه ده‌ره‌وه‌ى نه‌وت و بودجه واژوو كرا. له یه‌كه‌م نیگادا ئه‌م رێكه‌وتنه وا ده‌هاته به‌رچاو كه كوردستان ده‌باته‌وه بۆ ژێر كۆنترۆڵى پایته‌ختى عێراق. به‌ڵام ئه‌م مامه‌ڵه‌یه هیچ شتێكى نه‌كرد بۆ چاره‌سه‌ركردنى پرسه‌كانى نێوان به‌غدا و هه‌ولێر له كاتێك به‌غدا ناچار ده‌كات دانبنێ به پێشكه‌وتنه‌كانى هه‌ولێر له بوارى سه‌رچاوه‌كانى وزه له گه‌ڵ ئیكسۆن، كۆمپانیا بیانییه‌كانى دیكه و توركیا. هه‌ولێر سازشى كرد، به‌ڵام سه‌ركه‌وتنه‌كانى سێ ساڵى رابردووى له بوارى وزه‌دا پاراست.
ترسه‌كه دیاره له چیه!
راپۆرته‌كه باس له رێگرییه‌كانى حكومه‌ته یه‌ك له دواى یه‌كه‌كانى عێراقى دواى 2003 ده‌كات له پێشكه‌وتنى كه‌رتى وزه له كوردستان و ئه‌و به‌رهه‌ڵستیانه‌ش ده‌به‌ستێته‌وه به ترس له جیابوونه‌وه‌ى كوردستان. له راپۆتهكهدا هاتووه "كۆمپانیاكان ده‌مێكه ئاره‌زوو ده‌كه‌ن وه‌به‌رهێنانى وزه له كوردستان بكه‌ن، به‌ڵام له دواى ئه‌وه‌ى ئه‌مریكا رژێمى سه‌ددام حوسێنى روخاند، رژێمه‌كانى دیكه‌ى عێراقى دواى 2003، هه‌میشه جه‌ختیان كردۆته‌وه كه بۆ ئه‌وه‌ى پارچه‌یه‌ك له خه‌ڵاته گه‌وره‌كه، یه‌ده‌گى گه‌وره‌ى نه‌وت له باشورى عێراق، به‌ده‌ست بهێنرێت، كۆمپانیاكان نابێ هیچ جۆره مامه‌ڵه‌یه‌كى تایبه‌تى وزه له گه‌ڵ كوردستان ئه‌نجام بده‌ن. ترسه‌كه‌ش ئه‌وه‌یه: ئه‌گه‌ر رێگه بدرێ كه كورد كۆنترۆلى نه‌وت بكات، ملیاره‌ها دۆلارى داهاتى نه‌وت له حكومه‌تى ناوه‌ندى ده‌سه‌ندرێته‌وه و دابه‌شبوونى وڵاتیش نزیكتر ده‌كاته‌وه". راپۆرته‌كه ستایشى قانونى نه‌وت و گازى كوردستان ده‌كات و ده‌ڵێ " دوو دڵى و نیگه‌رانى كۆمپانیا رۆژئاواییه‌كان كه‌مبۆوه كاتێك كوردستان قانونى نه‌وت و گازى له ساڵى 2007 تێپهرِاند، ئه‌و قانونه‌ى وه‌كو دۆستى سه‌رمایه‌داران ده‌رده‌كه‌وێ. له‌و ساوه كۆمپانیا مام ناوه‌ندییه‌كان ده‌ستیان به وه‌به‌رهێنان كرد، به‌ڵام كۆمپانیا گه‌وره‌كان له‌سه‌ر هێله‌كانى چاوهرِوانیدا به دوو دڵى مانه‌وه". بۆ راكێشانى سه‌رنجى ئه‌و كۆمپانیا دوو دڵانه، راپۆرته‌كه باس له هه‌وڵێكى به‌غدا ده‌كات و ده‌نوسێ " به‌غدا پشك و كێڵگه‌كانى نه‌وتى باشورى له ساڵى 2009 و 2010 راگه‌یاند. كۆمپانیاكان هه‌ر به په‌له كه‌وتنه گفتوگۆ بۆ سه‌رمایه‌گوزارى له‌وێ. به‌ڵام به هۆى ئه‌وه‌ى مه‌رجه‌كان زۆر و سه‌خت بوون، كۆمپانیاى وه‌كو ئیكسۆن هه‌ر زوو كه‌وته دوو دڵى و نیگه‌رانى".
ئیكسۆن... روو له كوردستان
رۆیته‌رز چیرۆكى هاتنه پێشى ئیكسۆن به‌م جۆره دهگێرِێتهوه " ئیكسۆن له كۆتایی 2010 به ته‌واوى چاوى خسته سه‌ر كوردستان و گفتوگۆى ره‌سمى له سه‌ره‌تاكانى 2011 ده‌ستیان پێكرد". له‌م پرۆسه‌یه‌دا عه‌لى ئهلخزێرى به هۆى فراوانى په‌یوه‌ندییه‌كانى رۆڵى گه‌وره دهگێرِێ. به‌رێز فوئاد حوسێن باس له رۆڵى عه‌لى ئهلخزێرى ده‌كات و ده‌ڵێ " ئه‌و هه‌موو به‌رپرسه ئه‌مریكیه‌كان له به‌غدا و به‌رپرسانى عێراقیش ده‌ناسێ". رۆیته‌رز له باره‌ى ئهلخزێرییهوه ده‌ڵێ " له جیهانى نه‌وتدا كه پرِه له پیاوانى تێكساس و به‌رپرسه سه‌ربازییه‌كانى پێشووى ئه‌مریكا، ئهلخزێرى ده‌رده‌كه‌وێت. ئه‌و گه‌نجه و باكگراوندێكى ئه‌كادیمى هه‌یه، باوهرِى به خۆى هه‌یه و په‌یوه‌ندى فراوانى هه‌یه. ئاگاداره ده‌رباره‌ى زۆرێك له‌و رێكه‌وتنامه سیاسییه نهێنیانه‌ى له عێراقدا له دواى 2003 مۆركراون و په‌یوه‌ندى راستهوخۆشى له گه‌ڵ سه‌رۆكى كوردستان هه‌یه".
![]() |
عه‌لی ئهلخزێری |
ده‌رباره‌ى سه‌ره‌تا گفتوگۆكانى نێو خودى ئیكسۆن، راپۆرته‌كه‌ى رۆیته‌رز ده‌ڵێ " گروپێكى بچووكى كارمه‌ندانى ئیكسۆن زنجیره‌یه‌ك كۆبوونه‌وه‌یان له به‌هارى 2011 له گه‌ڵ سه‌رۆكى كۆمپانیا رێكس تێله‌رسن و یاریده‌ده‌ره‌كانى ئه‌نجامدا. یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه له بنكه‌ى سه‌ره‌كى ئیكسۆن له نزیك دالاس به‌رێوه‌چوو. سه‌رۆكى كۆمپانیا به وردى گوێى له راپۆرتى گروپه‌كه گرت كه زیاتر ده‌رباره‌ى بوارى ته‌كنیكى و زه‌ویناسى بوو، له گه‌ڵ خستنه رووى كورته‌یه‌ك ده‌رباره‌ى دۆخى سیاسى عێراق. دواتر تێله‌رسن ى سه‌رۆكى ئیكسۆن كۆمه‌ڵێك پرسیارى له گرۆپه‌كه كرد كه زۆرینه‌یان ده‌رباره‌ى سیاسه‌ت بوون له عێراق. ئه‌مه ده‌رفه‌تى دایه عه‌لى ئهلخزێرى، كه یه‌كێك بوو له ئه‌ندامانى گروپه‌كه‌ى ئیكسۆن، بۆ ئه‌وه‌ى دۆخى عێراق روون بكاته‌وه. عه‌لى ده‌ڵێ " به سه‌رۆكى كۆمپانیام گوت كه هه‌موو ئه‌و شتانه‌ى من باسم كردوون ئه‌گه‌رى روودانیان له عێراقدا هه‌یه. ئه‌گه‌ر تۆ ده‌ته‌وێ ره‌چاوى مه‌ترسى دۆخه‌كه بكه‌یت، دوا شوێن كه پێویسته لێی بیت به‌غدایه یان باشورى عێراق. ئاگادارم كرده‌وه كه ئه‌و ناوچانه، پرِن له میلیشیاى شیعه‌كان كه هه‌زاران سه‌ربازى ئه‌مریكیان كوشتووه و بریندار كردووه، هه‌روه‌ها ملیشیاكانى لایه‌نگرى حزبى به‌عس، ئه‌لقاعیده و گاردى شۆرِشى ئێرانى بوونیان هه‌یه. له برى ئه‌وه باشتره روو له كوردستان بكرێ كه ئارامتره، بوارى ئه‌وه‌ى تێدایه كه پێشبینى تێدا بكرێ و تا ئه‌ندازه‌یه‌كى یه‌كجار گه‌وره‌ش پشتگیریكارى ئه‌مریكایه". به گوێره‌ى رۆیته‌رز، پاش ئه‌م زنجیره كۆبوونه‌وانه، ئهلخزێرى ته‌له‌فۆن بۆ دكتۆر فوئاد ده‌كات و به ماوه‌یه‌كى كورت گفتوگۆى جددى ده‌ست پێده‌كات. هه‌ردوولا به نهێنى له له‌نده‌ن، دوبه‌ى و هه‌ولێر كۆبوونه‌وه ده‌كه‌ن. له لایه‌نى هه‌ولێره‌وه، گفتوگۆكارى سه‌ره‌كى وه‌زیرى سامانه سروشتیه‌كان دكتۆر ئاشتى هه‌ورامى بوو، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش سه‌رۆكى كوردستان مه‌سعود بارزانى، دكتۆر فوئادى حوسێنى راسپارد بۆ ئه‌وه‌ى به‌شدارى گفتوگۆكان بكات و به‌شێوه‌یه‌كى نائاسایش هه‌ندێ جار سه‌رۆك خۆى به‌شدارى كۆبوونه‌وه‌كانى كردووه. له لایه‌ن ئیكسۆنهوه ژماره‌یه‌ك به‌رێوه‌به‌رى جێبه‌جێكارى ناسراو له تێكساسه‌وه به‌شداریان ده‌كرد.

سه‌رۆکی ئیکسۆن مۆبیل

كۆمپانیاى شێڵ بۆچى كشایه‌وه؟
راپۆرته‌كه باس له هه‌وڵه‌كانى كۆمپانیاى شێڵیش ده‌كات كه له هه‌ندێ قۆناغدا به‌شێك بووه له گفتوگۆكان، به‌ڵام به هۆى مامه‌ڵه‌ى دیكه‌وه له گه‌ڵ به‌غدا نه‌یتوانییووه پشكى له كوردستان ده‌ست بكه‌وێ. راپۆرته‌كه ده‌ڵێ " له پاڵ ئیسكۆن، كۆمپانیاى گه‌وره‌ى ئه‌وروپى شێڵ یش بووه به‌شێك له گفتوگۆكان له‌گه‌ڵ هه‌ولێر. ئیكسۆن و شێڵ له كێڵگه‌ى قورِنهى باشور هاوبه‌ش بوون و هه‌ر یه‌كه‌شیان به جیا مامه‌ڵه‌ى سه‌رمایه‌گوزارى ده‌یان ملیار دۆلاریان له گه‌ڵ به‌غدا له كێڵگه‌ى مه‌جنون له باشورى عێراقدا هه‌بوو. ئیكسۆن و شێڵ باوه‌ریان وابوو كه ئه‌گه‌ر وه‌كو تیم به یه‌كه‌وه كار بكه‌ن، له كاتێك خۆیان بازارێكى هاوبه‌شى 600 ملیار دۆلاریان هه‌یه، ئه‌وه بۆ به‌غدا زه‌حمه‌ت ده‌بێ كه بتوانێ له كێڵگه‌كانى باشور دووریان بخاته‌وه ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر به جیا رێكه‌وتن له گه‌ڵ هه‌ولێریش واژوو بكه‌ن". كاتى كۆبوونه‌وه‌كان هات و به فه‌رمى گفتوگۆ ده‌ستى پێكرد: " یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه له هه‌ولێر ئه‌نجامدرا. نوێنه‌رانى ئیكسۆن نیگه‌ران بوون ده‌رباره‌ى په‌یوه‌ندییه‌كانى نێوان كوردستان و به‌غدا و پرسى سه‌قامگیرى درێژخایه‌نى كوردستان". دكتۆر فوئاد حوسێن به رۆیته‌رزى گوتووه كه ئه‌وان ده‌یانویست بزانن كه سه‌رۆكى ئێمه چۆن بیر ده‌كاته‌وه و روئیاى بۆ دۆخه‌كه چۆنه " سه‌رۆك بارزانى پێى گوتن كه سیاسه‌تى سه‌رۆك وه‌زیران مالیكى عێراق به‌ره‌و وێران بوون ده‌بات. ئه‌گه‌ر به‌م جۆره به‌رده‌وام بێت بۆ هه‌موو وڵات خراپه، مه‌ترسیداره و ده‌بێ ئه‌م سیاسه‌ته بگۆرِدرێ". به هۆى هاتنه پێشى كۆمپانیاى دیكه‌وه، گفتوگۆى نێوان هه‌ولێر و ئیكسۆن ساردى تێ ده‌كه‌وێ " له هاوینى 2011 له كاتێك گفتوگۆكان به‌رده‌وام بوون، كوردستان دوو بلۆكى نه‌وتى فرۆشته كۆمپانیاى هێس ى ئه‌مریكى. ئیكسۆن و شێڵ پێشتر پێداگیریان له‌سه‌ر به ده‌ست هێنانى ئه‌و بلۆكانه ده‌كرد. فرۆشتنى له ناكاوى بلۆكه‌كان به كۆمپانیاى هێس گفتۆگۆكانى نێوان كوردستان و ئیكسۆن و شێڵى وه‌ستاند تا بارزانى به‌ڵێنى ده‌رفه‌ت و مه‌رجى باشترى پێدان. پلانى رێوره‌سمى واژووكردن بۆ ناوهرِاستى ئۆكتۆبه‌رى 2011 داندرا، كه‌چێ كێشه‌یه‌كى دیكه هاته پێش. كۆمپانیاى شێڵ له كۆتا قۆناغى گفتوگۆكان بوو له گه‌ڵ حكومه‌تى به‌غدا بۆ به‌ده‌ست هێنانى مافى ته‌واوى پرۆسه‌ى به‌رهه‌مهێنانى گازى سروشتى عێراق له باشوور كه به‌هاى ئه‌و مامه‌ڵه‌یه 17 ملیار دۆلار بوو. ئه‌گه‌ر شێڵ له‌م كاته‌دا گرێبه‌ستى له گه‌ڵ هه‌ولێر واژوو كردبوایه، به‌غدا ره‌نگه مامه‌ڵه‌ى گازى سروشتى كۆتایی پێ بهێنایه". رۆیته‌رز باس له دوا قۆناغى كشانه‌وه‌ى كۆمپانیاى شێڵ ده‌كات و ده‌ڵێ " سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان بۆ پشووى خۆى له نه‌مسا بوو، كۆبوونه‌وه‌ى له گه‌ڵ به‌رپرسانى ئیكسۆن له هوتێلى ئیمپێریه‌ڵ له ڤیه‌ننا ئه‌نجامدا. به‌رپرسانى ئیكسۆن گوتیان كه ئه‌وان ئاماده‌ن رێكه‌وتنه‌كه واژوو بكه‌ن له كاتێك به‌رپرسانى شێڵ دڵنیا نه‌بوون كه كاته‌كه گونجاوه. بارزانى و به‌رپرسانى ئیكسۆن ئاگادارى ئه‌وه نه‌بوون كه سه‌رۆكى شێڵ پیته‌ر ڤۆسهر له به‌غدا بووه و بۆ كۆتایی هێنان به مامه‌ڵه‌ى گازى سروشتى باشور له گه‌ڵ مالیكى كۆبونه‌وه‌ى هه‌بووه. ته‌نیا سێ رۆژ به‌ر له‌وه‌ى كه مامه‌ڵه‌كه‌یان له گه‌ڵ كوردستان واژوو بكرێ، شێڵ به ئیكسۆن ى گوت كه چیتر ئه‌وان ئاره‌زوویان له‌و مامه‌ڵه‌یه نیه". وته‌بێژى شێڵ ره‌تى كردۆته‌وه كه كۆمێنت بدات له‌سه‌ر مامه‌ڵه‌كه ى كوردستان و ته‌نیا گوتویه‌تى " بایه‌خى ئێمه ئهمرِۆ ته‌نیا چرِ كراوه‌ته‌وه له‌سه‌ر پرۆژه‌ى كۆمپانیاى گازى به‌سره و پێشخستنى كێڵگه‌ى نه‌وتى مه‌جنون كه هه‌ردوو پرۆژه بایه‌خى تایبه‌تیان له بوارى پێشخستنى ئابورى و بونیادنانه‌وه‌ى عێراق هه‌یه".

به‌رگی راپۆرته‌که به ئینگلیزی

پێگه‌ى ئیكسیۆن بۆ كوردستان
راپۆرته‌كه دێته سه‌ر بایه‌خى سه‌رمایه‌گوزارى كۆمپانیاى زه‌به‌لاحى وه‌كو ئیكسۆن بۆ كوردستان، به تایبه‌ت كه بلۆكه‌كانى كه‌وتونه‌ته ناوچه‌ى هه‌ستیارى كوردستانه‌وه. له راپۆرته‌كه‌دا هاتووه " ئه‌و شه‌ش بلۆكهى كۆمپانیاى ئیكسۆن مۆبیل بردیه‌وه كه‌وتونه‌ته شوێنى جۆراوجۆر له كوردستان. دانه‌یه‌كیان نزیكه له سنوورى توركیا و یه‌كێكى دیكه له سنوورى ئێران. سێ دانه‌یان زیاتر بوونه‌ته جێگه‌ى مشتومرِ كه‌وتونه‌ته سه‌ر ئه‌و هێڵانه‌ى كوردستان و ناوچه‌كانى دیكه‌ى عێراق جیا ده‌كاته‌وه و درێژ ده‌بێته‌وه بۆ ناوچه جێناكۆكه‌كان. كورد توانى دواتر پارێزگارى موسڵ، كه یه‌كێكه له‌و ناوچانه‌ى كه‌وتۆته به‌ر ئه‌و پرۆژانه‌ى ئیكسۆن، بێنێته نێو مامه‌ڵه‌كه‌وه. هه‌ندێ لایه‌ن پێیان وابوو كه كورد كۆمپانیاى ئیكسۆن به‌كار دههێنىَ بۆ پته‌وكردنى سنووره‌كانى. دكتۆر فوئاد حوسێن ده‌ڵێ هه‌ولێر خۆى ناوچه جێناكۆكه‌كانى كۆنترۆڵكردووه و پێویستى به شه‌رعیه‌تى كۆمپانیاى گه‌وره‌ى نه‌وت نیه. له به‌رامبه‌ردا، بارزانى، پێشتر رایگه‌یاندبوو كه بوونى كۆمپانیاى وه‌كو ئیكسۆن شێوه‌یه‌كه له شێوه‌كانى گه‌ره‌نتى بۆ كوردستان" .
ئیكسۆن ئاگرى له به‌غدا و واشنتن به‌ردا
رێكه‌وتنى هه‌ولێرو ئیكسیۆن سهرهرِاى ههرِهشهكانى به‌غدا و هۆشدارییه‌كانى ئه‌مریكا، بۆ هیچ كام له‌و دوو وڵاته هه‌واڵێكى خۆش نه‌بوو. رۆیته‌رز باس له لێكه‌وته‌كانى ئه‌و په‌ره‌سه‌ندنه ده‌كات و ده‌ڵێ " كاتێك هه‌واڵى ئه‌و رێكه‌وتنه له سه‌ره‌تاكانى نۆڤه‌مبه‌رى 2011 بڵاو بویه‌وه ، به‌غدا و واشنتن تورِه بوون. مالیكى نامه‌یه‌كى بۆ سه‌رۆك باراك ئۆباما نوسى و داواى لێ كرد كه كۆمپانیاى ئیكسۆن ناچار بكات كه ئه‌و مامه‌ڵه‌یه هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه. جێگرى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق بۆ كاروبارى وزه داواى له به‌رێوه‌به‌رانى جێبه‌جێكارى ئیكسۆن كرد كه روون كردنه‌وه بده‌ن. بۆ واشنتن، ئه‌و مامه‌ڵه‌یه جۆرێك بوو له شه‌رمه‌زارى. چونكه ستراتیجیه‌تى ئه‌مریكا له‌سه‌ر ئه‌وه بونیاد نرابوو كه پاڵپشتى مالیكى و سیاسه‌تى یه‌ك عێراق و میلله‌تێكى یه‌كگرتوو له ژێر چه‌ترى حكومه‌تێكى ناوه‌ندى به‌هێز بكات. كه‌چى ئێستا یه‌كێك له به‌هێزترین كۆمپانیاكانى ئه‌مریكا ئه‌م سیاسه‌ته‌ى خاپور كرد". دكتۆر فوئاد حوسێن باس له كۆبوونه‌وه‌یه‌كى ئاڵۆزى كوردستان وئه‌مریكا ده‌كات له دواى واژووكردنى مامه‌ڵه‌كه له‌گه‌ڵ ئیكسۆن " له‌گه‌ڵ وه‌زیرى سامانه سروشتیه‌كان ئاشتى هه‌ورامى كۆبوونه‌وه‌مان له‌گه‌ڵ باڵیۆزى ئه‌مریكا له عێراق جه‌یمیس جیفرى له به‌غدا هه‌بوو. جیفرى زۆر تورِه بوو. ئێمه هه‌وڵمانده‌دا كه روونى بكه‌ینه‌وه كه ئه‌وه‌ى ئێمه ده‌یكه‌ین له به‌رژه‌وه‌ندى عێراق، له به‌رژه‌وه‌ندى كورده و قانونیه". رۆیته‌رز ده‌ڵێ له‌و ساوه جێفرى وازى له وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه هێناوه و ده‌گوترێ بۆته راوێژكارى كۆمپانیاى ئیكسۆن، به‌ڵام رازى نه‌بووه قسه بۆ ئه‌و راپۆرته‌ى رۆیته‌رز بكات.

بلۆکه‌کانی ئیکسۆن له کوردستان

Comments
Post a Comment