دەزانن بۆ دوو ئیدارەیی ماوە؟
لە ساڵی ٢٠٠٥ ەوە پرۆسەی تێکەڵکردنەوەی دوو
ئیدارەکەی پێشووی کوردستان، زۆنی زەرد و سەوز دەستی پێکرد. تێکەڵکردنەوە پرۆسەیەکی
خاوی بێ پلان بوو، پرۆسەیەک کە هیچ جۆرە پلە بەندیەکی زەمەنی و چاودێریەکی گشتی و
دامودەزگایی بەسەرەوە نەبووە بە هۆی نا کارایی دامەزراوە نیشتیمانیەکانی وەکو
پارلەمان و دەزگاکانی چاودێری. ئەو رێکخستن و یەکخستنەوەی ئیدارە لە کوردستان لە
هیچ جێگەیەکی پرۆسەی گواستنەوە یان قۆناغی رێگوزەر Transition جێگەی نابێتەوە بە هۆی بێ پلانیەوە. بۆیە لەوساوە لە بری
تێکەڵکردنەوەی ئیدارە بە فیعلی، دەسەڵات و داهاتی کوردستان لە نێوان پارتی و
یەکێتی دابەشکرا. لەوساوە بە کەیفی خۆیان و بە رێکەوتن خەڵکی خۆیان لە
دامەزراوەکانی دامەزراند تا ئەندازەی حکومەتیان وەکو باڵۆن هەڵاوسان. بە کەیفی
خۆیان ئەوەی ویستیان بە وەزیر و عەقید و بەڕێوەبەری گشتی و راوێژکار دایانمەزراند.
بە ئارەزووی خۆیان پارەی گشتیان بۆ دامەزراندنی میدیای گەورەی حزبی تەرخان کرد، بە
کەیفی خۆیان داهاتی گشتیان دایە حزبەکان بە بێ هیچ رێنمایی و قانونێک...
تێکەڵکردنەوەی ئیدارە لە راستیدا دابەشکردنی داهات و سەروەت بوو بە رێکەوتنێکی
سیاسی حزبی نەک یەکخستنەوەی نیشتیمان.
ئێستاش کە تەرازووی هێز لە کوردستان لە
قازانجی ئەو دوو حزبە نەماوە و هێز و دەنگی دیکە هاتونەتە کایەوە، بێگومان دیارە
هەموو کارێک دەکەن بۆ ئەوەی ئەو دۆخەی رابردوو وەکو خۆی بمێنێتەوە. مەبەستم لەوەی
دابەشکردنی دەسەڵات و داهات لە نێوان خۆیان بمێنێتەوە.
ئێستاش کە سیاسیەکانیان و نوسەرە
دەربارەکانیان باس لە دوو ئیدارەیی دەکەن، میللەت بە گەمژە دەزانن و دوو ئیدارەیی
وەکو کارتی فشار و ترس بەکار دێنن، لە کاتێک ئەوەی دوو ئیدارەیی دروست کرد ئێوە
بوون، ئەوەی لە ٢٠٠٥ ەوە لە جیاتی یەکخستنی ئیدارە بە پلان و بەرنامەیەکی
نیشتیمانی خەریکی تاڵانکردنی داهاتی گشتیە بە جۆرێک ئەمڕۆ حکومەتی هەرێمی خستۆتە
سەر ساجی عەلی ئەوە هەر ئێوەن.
خەڵکی کوردستان دەبێ بە هۆشیاریی و
چاوکراوەییەوە لەو دەنگۆیانە بڕوانێ، چیتر پارتی و یەکێتی بە تەنیا خاوەنی
کوردستان نین تا هەڕەشەی دوو ئیدارەیی بکەن، یەکێکیان ٣٨ کورسی هەیە و ئەوەی دیکە
١٨ بەو هەموو فڕ و فێڵ و گزیەوە.
پێم سەیرە ئەو هەموو
خەڵک دەڵێ بەڵێ دوو ئیدارەیی ماوە، دیارە ئێمەش ئەوە دەزانین خۆ لە مەریخەوە
نەهاتووین، بەڵام ئەوەی سەیرە ئەو خوێندەوار و کادیرە حزبیانە وا دەزانن کە خەڵکی
دیکە دوو ئیدارەیی دروست کردووە؟ کاکی براینە بەرژەوەندی تەسکی سیاسی و حزبەکانی
ئێوە رێگە نادات ئەو وڵاتەی ئێمە ببێتە خاوەن دامەزراوەی یەکگرتووی بەهێز.
برادەرینە ئەوە حزبەکانی ئێوەیە نایەڵێ ئیدارەیەکی یەکگرتوومان هەبێ چونکە لەوێدا
دەسەڵات و پارەتان بە نا شەرعی لە دەست نامێنێ..
بۆیە تکایە لە بری ئەوەی مامەڵە لە گەڵ دیاردەکە بکەن کە هەموومان
دەزانین هەیە، وەرن بوێرن و رەخنە و فشار بخەنە سەر حزبەکانتان کە تا کەی، ئاخر تا
کەی ئیدارە دەبێ حزبی و دابەشکراو بێ، بوێرن و قسە بکەن لە بری ئەوەی تەنیا رەخنە
لە حزبی بەرامبەر بگرن.
Comments
Post a Comment