مه‌ترسیه‌کانی هێزی چه‌کداری حیزبی | |
هێمن میرانی
یه‌کێک له ئیشه‌کانی توێژینه‌وه‌که‌م ده‌رباره‌ی پرۆسه‌ی به داموده‌زگایی کردنه له کوردستان. هه‌ڵبه‌ت بۆ بابه‌تی له‌م جۆره ناکرێ باسی ده‌زگاکانی پێشمه‌رگه و ئاسایش و پۆلیس نه‌که‌ی. بۆ من وه‌کو توێژه‌رێکی کورد کارێکی ئاسانه که تێ بگه‌م دۆخی داموده‌زگا له کوردستان چۆنه! بۆ من ئاسانه که تێ بگه‌م راستکردنه‌وه‌ی ئه‌و دۆخه‌ی شه‌ڕی ناوخۆ و دو ئیداره‌یی دروستی کرد پێویستی به دڵسۆزی، ئازایه‌تی و ئیراده‌ی سیاسی گه‌وره، نیشتیمانپه‌روه‌ری و وازهێنان له به‌رژه‌وه‌ندی ته‌سکی حیزبایه‌تی، تێگه‌یشتن له بایه‌خی داموده‌زگا و مه‌ترسی به سیاسی کردنی چه‌کدار و چه‌ندین پیداویستی دیکه هه‌یه، که جێی داخه له ئێستای کوردستان و له‌نێو بازنه‌ی حوکمڕانیدا لایه‌نگری که‌م و نه‌یاری زۆره. ئێمه هێشتا له پرۆسه‌ی رێکخستن و یه‌کخستن و به نیشتیمانی کردنی ئه‌و هێزانه له هه‌نگاوه سهرهتاکانین به به‌راود له‌گه‌ڵ قوڵی ده‌ستی حیزب له‌و ده‌زگایانه. که‌چی له‌ولا گۆڕانی هاوکێشه‌ی سیاسی له کوردستان و خواسته‌کانی خه‌ڵک له‌و هه‌نگاوه خاوانه زۆر خیراتر ده‌رده‌که‌ون. کشانه‌وه‌ی یه‌کێتی (وه‌کو هێزێکی خاوه‌ن پێشمه‌رگه، ئاسایش، پۆلیس و پاره) بۆ هێزی سێیه‌م له ئاستی کوردستان و دوه‌م له ناوچه‌ی نفوزی خۆی، یه‌کێکه له هێماکانی ئه‌و پارادۆکسه نوێیه، که دۆخێکی دروستکردوه بۆ براده‌ره سیاسی و حوکمڕانه‌کانی کوردستان تێگه‌یشتن و مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ کردنی زه‌حمه‌ته. بۆیه نزیکه‌ی چوار مانگ به‌سه‌ر هه‌ڵبژاردن تێپه‌ڕ بوه و پارله‌مان دوچاری شه‌له‌لی سیاسی بوه و پێکهێنانی حکومه‌تیش ئه‌وه‌نده ئاڵۆز بوه پێویستیمان به راوێژی ده‌ر و دراوسێش هه‌یه. له راستیدا ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر یه‌کێتی هاتوه به‌سه‌ر پارتیش هاتبا ئێمه ئێستا له‌به‌رده‌م هه‌مان هاوکێشه ده‌بوین، ئه‌گه‌ر خراپتریش نه‌بوایه (چونکه به لایه‌نی که‌م پارتی له دو شاردا نفوزی گه‌وره‌ی هه‌یه). ره‌نگه براده‌رانی پارتی بڵێن تۆ بۆ وه‌کو یه‌ک باسی هه‌ردو حیزب ده‌که‌ی؟ له راستیدا چه‌ندین توێژینه‌وه ده‌ریانخستوه که له‌دوای راپه‌ڕینه‌وه پارتی و یه‌کێتی وه‌کو دوانه‌یه‌کیان لێهاتوه که ته‌نیا ناوه‌کانیان جیاوازه، ئێستا ئه‌و دو حیزبه به جۆرێک له کرداردا لێک ده‌چن مه‌گه‌ر ته‌نیا هه‌ندێ ئینشای نێو به‌رنامه سیاسیه‌کانیان و په‌یوه‌ندییه ئیقلیمیهکانیان لێکیان جیابکاته‌وه، ده‌نا له کوردستان له‌دوای راپه‌ڕینه‌وه هه‌نگاوه‌کانی لێکچونیان زۆر زۆر خێرا گه‌شه‌ی کردوه و له زۆر بواردا سود له یه‌کتری وه‌رگیراوه بۆ ئه‌وه‌ی لێک چونه‌کان زیاتر تۆخ بکرێن و جیاوازیه‌کان کاڵ ببنه‌وه. توێژه‌رێکی بیانی به‌ناوی Jacqueline Devigne که پێ ده‌چێ فه‌ره‌نسی بێ، توێژینه‌وه‌یه‌کی درێژ و گرنگی به ئینگلیزی به ناوی "جیاوازییه ئاسته‌مه‌کانی عێراق - سروشتی سیاسی پێشمه‌رگه" له ساڵی 2011 نوسیوه. ئه‌و توێژه‌ره، که دیمانه‌ی له گه‌ڵ به‌شێک له سه‌رکرده سه‌ربازی و ئه‌منیه باڵەکانی کوردستان کردوه بۆ توێژینه‌وه‌که‌ی، هه‌ندێ گریمانه‌ی زۆر گرنگی خستۆته‌ڕو که ئێستا مه‌ترسیه‌کانی ده‌رکه‌وتون. بۆ نمونه ده‌ڵێ پێشمه‌رگه و ئاسایش و پۆلیس هه‌ر سه‌ر به حیزبه‌کانی ده‌سه‌ڵاتن، پارتی و یه‌کێتی. پرۆسه‌کانی بێ لایه‌ن کردن و یه‌کخستنیان وه‌کو پێویست نه‌چۆته پێشه‌وه و تائێستا وه‌کو کاری رواڵه‌تین. له وه‌ها دۆخێک‌دا گۆڕانی نه‌خشه‌ی سیاسی کوردستان مه‌ترسی ده‌خاته‌سه‌ر سه‌قامگیری و ئاشتی له هه‌رێمدا، چونکه زه‌حمه‌ته دو حیزبه‌که‌ی ده‌سه‌ڵات بتوانن به‌و هه‌مو ده‌سه‌ڵاته سه‌ربازی و ئه‌منی و داراییه‌وه دۆڕان له هه‌ڵبژاردن و دورکه‌وتنه‌وه له ده‌سه‌ڵات قه‌بوڵ بکه‌ن. هه‌روه‌ها ده‌ڵێ پێشمه‌رگه و ئاسایشی حیزبی، گروپێک سیاسی به سه‌رکرده‌ی خۆیان ده‌زانن که له چل ساڵی رابردو له کوردستان له سه‌رده‌می شاخ و شاردا سه‌رکردایه‌تیان کردون، زه‌حمه‌ته به سانایی وه‌لائیان بۆ سه‌رکردایه‌تی و حکومه‌تێک بگۆڕن که حیزبی دیکه دروستی ده‌کا. ئه‌و مه‌ترسیانه زۆر جددین و ئێستا به ئاشکرا سێبه‌ریان ده‌رکه‌وتوه. به‌ڕێز سه‌عدی پیره له هه‌فته‌ی رابردو به روداوی وت "ئه‌گه‌ر یه‌کێتی به‌شداری له حکومه‌ت نه‌کا، ئه‌و حکومه‌ته له دێگه‌ڵه‌وه بۆ سه‌ره‌وه ده‌سه‌ڵاتی نابێ، چۆن ئه‌گه‌ر پارتی به‌شداری نه‌کا له دهۆک و هه‌ولێر ده‌سه‌ڵاتی نابێ". ئه‌مه وتنی راستیه‌کی زۆر مه‌ترسیداره که ئه‌گه‌ر کۆتایی پێ نه‌هێندرێ، هیچ مانایه‌ک بۆ فره‌یی سیاسی و هه‌ڵبژاردن نامێنێته‌وه. ئه‌گه‌ر حیزبیانه سه‌یری ئه‌و هاوکێشه‌یه بکه‌ی، بۆ پارتی و یه‌کێتی خراپ نیه دۆخه‌که وا بمێنێته‌وه. مانه‌وه‌ی ئه‌و دۆخه بۆیه بۆ ئه‌وان باشه، چونکه وه‌کو هه‌ندێ به‌ڕێزی سه‌رکردایه‌تی یه‌کێتی ده‌ڵێن "نابێ به گوێره‌ی کورسی مامه‌ڵه له گه‌ڵ یه‌کێتی بکرێ"، واته به‌هۆی ئه‌و دۆخه‌وه پێوه‌ری دیکه‌ش هه‌ن که مه‌رج نیه له‌گه‌ڵ ئه‌نجامه‌کانی هه‌ڵبژاردن یه‌ک بگرنه‌وه. له‌وه‌ها بارێک‌دا هه‌ڵبژاردن و ده‌نگی خه‌ڵک به قسه‌ی پوچ و بێ مه‌عنا ده‌زانرێ ئه‌گه‌ر له دژی ئه‌وان بێ و له حکومه‌ت دوریان بخاته‌وه! به‌ڵام ئه‌گه‌ر خه‌می کوردستان وه‌کو ئه‌زمونێک، داموده‌زگایی و هه‌نگاو بۆ دیموکراسی و حکومه‌تی مه‌ده‌نی له‌و دۆخه‌دا ره‌چاو بکرێ، ده‌بێ چیتر ئه‌و دۆخه نه‌مێنێ و حکومه‌تی نوێ به‌رپرسانه و نیشتیمانپه‌روه‌رانه کوردستان بخاته قۆناغێکی نوێوه و له مه‌ترسی ته‌نگه‌ژه‌ی ناوخۆیی دورمان بخاته‌وه. له‌ڕاستیدا چاککردنی ئه‌م دۆخه به‌رپرسیاریه‌تیه‌کی نیشتیمانی گه‌وره‌یه، کوردایه‌تی راسته‌قینه ئه‌وه‌یه که چیتر ته‌زویر به پێشمه‌رگه نه‌که‌یت و سێ مانگ جارێک چۆڕه موچه‌یه‌کی بده‌یتێ! کوردایه‌تی راسته‌قینه ئه‌وه‌یه که داموده‌زگا دروست بکه‌یت و وه‌لائی نیشتیمانی لای هێزی چه‌کدار په‌ره پێ بده‌ی و بیکه‌یته هێزێکی نیشتیمانی نا سیاسی که هه‌میشه له دوره‌وه سه‌یری سیاسه‌ت بکا و کوردستان له هه‌ڕه‌شه بپارێزێ، نه‌ک باره‌گای ئه‌م هێزی پێ بسوتێنرێ، به کۆمه‌ڵ داوایان لێ بکرێ که ده‌نگ بۆ حیزبێکی تورکمانی یان مه‌سیحی بده‌ن بۆئه‌وه‌ی ده‌ست له 11 کورسیه کۆتاکهش وه‌ربده‌ن، لافیته‌ی و پۆسته‌ری ئه‌و حیزب و ئه‌و کاندید به نیوه‌شه‌و لێ بکه‌نه‌وه و ...و چه‌ندین کاری سیاسی ناشرینی تر که شیاوی رێز و پێگه‌ی پێشمه‌رگه و ئاسایش نیه له دڵی خه‌ڵک. بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و دو هێزه ئیسلامیه‌که له پێش هه‌موان، که مانه‌وه‌ی ئه‌و دۆخه به زیانی گه‌وره بۆیان ده‌شکێته‌وه، ده‌بێ له کابینه‌ی نوێ‌دا داوای پلان و به‌رنامه‌یه‌کی رون و زه‌مه‌نبه‌ندی بۆ ئه‌و قۆناغه رێگوزه‌ره درێژ و کراوه‌یه بکه‌ن. پارتی و یه‌کێتی وه‌کو دو هێزی نیشتیمانی که پێشڕه‌وایه‌تی ئه‌و میلله‌ته‌یان کردوه، له‌پێناوی ئه‌و ئامانجانه‌ی میلله‌ته‌که‌مان هه‌زاران شه‌هیدی بۆ داوه ده‌بێ ئیدی واز له‌و ده‌ستکه‌وته حیزبیه ناشه‌رعیانه بێنن، که له سه‌رده‌می حکومه‌تی مه‌ده‌نیدا له هه‌ندێ وڵاتی دواکه‌وتوی ئه‌فریقیا نه‌بێ له هیچ شوێنێکی دونیادا نه‌ماوه. پارتی و یه‌کێتی ده‌بێ خۆیان درک به مه‌ترسی مانه‌وه‌ی هێز به ده‌ست حیزبه‌وه بکه‌ن و خۆیان کۆتایی به‌و قۆناغه شومه بێنن، ده‌نا میلله‌ت ناچار ده‌بێ ناوی دیکه‌یان لێ بنێ که پێچه‌وانه‌ی ئه‌و ئامانجانه نیشتیمانی و دیموکراسیانه‌یه، که خۆیان له په‌یڕه‌وی حیزبه‌کانیان ریزیان کردون. *خوێندکاری دکتۆرا له حوکمڕانی و سیاسه‌ت - به‌ریتانیا |
|
|
له سایتی سبه‌ی بڵاوکراوه‌ته‌وه
ئه‌مه لینکه‌که‌یه
http://sbeiy.com/article_detail.aspx?ArticleID=7172&AuthorID=1184
Comments
Post a Comment