شه‌ڕه‌كه مه‌كه‌نه هی كورد و عه‌ره‌ب
هێمن میرانی
ئه‌و روداوانه‌ی هاتونه‌ته پێش، كرده‌وه دڕنده‌كانی داعش و هه‌ڵوێست و پاڵپشتی هه‌ندێ گروپ و عه‌شیره‌تی عه‌ره‌بی له ده‌شتی هه‌ولێر به‌تایبه‌ت، نا رهزاییهكی گه‌وره‌ی له‌نێو خه‌ڵكی كوردستان دروست كردوه، به جۆرێك خه‌ڵك داوای ده‌كردنی عه‌ره‌به ئاواره‌كان ده‌كا و ره‌نگه لێره‌وله‌وێ هه‌ندێ هه‌ڵوێستی تاكه‌كه‌سیش به‌رامبه‌ریان گیرابێته به‌ر. من له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی به ته‌واوی له هه‌ستی خه‌ڵك ده‌گه‌م و ره‌نگه، به هۆی ئه‌وه‌ی خۆم خه‌ڵكی یه‌كێك له گونده‌كانی ده‌شتی هه‌ولێرم و و باوك و باپیرانم له‌گه‌ڵ ئه‌و عه‌ره‌بانه هاوگوند بونه و ژیاون، باشتر له زۆر له خه‌ڵك له ناوكی ئه‌و عه‌ره‌بانه‌ی ناچه‌كه تێ بگه‌م، به‌ڵام به گشتی كردن و حوكم دان له‌سه‌ر هه‌موان و هه‌ڵوێستی خراپ نواندن به‌رامبه‌ر ئه‌وانه‌ی له كوردستان وه‌كو ئاواره داده‌نیشن، ته‌نیا زیانی بۆ كوردستان هه‌یه.
له‌بیر نه‌كه‌ن رژێمه یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانی عێراق و ته‌نانه‌ت داعیش حه‌ز ده‌كا شه‌ڕه‌كه ببێته شه‌ڕی كورد و عه‌ره‌ب له‌و ناوچه‌یه، چونكه هه‌موان ده‌زانن شه‌ڕكردن له گه‌ڵ تیرۆر پشتیوانی نێوده‌وڵه‌تی بۆ كوردستان فه‌راهام ده‌كا، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بوه شه‌ڕی نه‌ته‌وه‌یی هه‌م شه‌ڕه‌كه درێژخایه‌ن و پڕ زیانتر ده‌بێ، هه‌میش كورد ناتوانێ شه‌ڕێكی ئاوا بباته‌وه، بۆیه تكایه خۆتان ئاو مه‌كه‌نه ئاشی ئه‌وانه‌وه.
دیسان هه‌ڵوه‌سته له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كه‌م كه به‌ته‌واوی له نیگه‌رانیه‌كانی خه‌ڵك ده‌گه‌م، ئه‌م سه‌رنجه‌شم هه‌رگیز مانای ئه‌وه نیه كه چاوپۆشی له هه‌مو شتێكی ئاواره‌كان بكرێ، چونكه بێ هیچ گومانێك ره‌نگه شانه‌ی خهتوی زۆر له‌نێو ئه‌و ئاوارانه هه‌بن، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ده‌كرێ بكرێ ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌یه:
یه‌كه‌م: هێزه‌كانی ئاسایش و پۆلیس زۆر به چاوكراوه‌یی به هاوكاری خه‌ڵك چاودێری وردی ئه‌و ئاوارانه بكه‌ن و له حاڵه‌تی هه‌ست كردن به شتی نامۆ، ده‌زگا په‌یوه‌ندداره‌كان ئاگادار بكرێنه‌وه و رێوشوێنی قانونی له دژیان بگیرێته به‌ر.
دوه‌م: خه‌ڵك به‌شداریه‌كی كاریگه‌ر بكا له چاودێری كردنی ئاواره‌كان، له كاتی بینینی شتی نامۆ كه‌س له خۆیه‌وه هه‌ڵوێست وه‌رنه‌گرێ، به‌ڵكو ئاگاداری ئاسایش و پۆلیس بكاته‌وه و ئه‌ركه‌كه به‌وان بسپێرێ.
سێیه‌م: من به كارێكی باشی نابینم خه‌ڵك دیواره‌كانیان بنوسرێ و هه‌ڕه‌شه‌ی دهكردنیان لێ بكا، ئه‌وانه به ره‌زامه‌ندی حكومه‌تی خۆمان هاتون و ته‌نیا حكومه‌ت ده‌توانێ مۆڵه‌تی مانه‌وه‌یان لێ وه‌ربگرێته‌وه.
هه‌رچه‌نده حكومه‌تی كوردستان و خه‌ڵكی خۆمان له ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی داعش و ئابڵوقه‌یه‌كی ئابوری گه‌وره‌ی به‌غدان و ئه‌و ئاوارانه فشاره‌كه‌یان گه‌وره‌تر كردوه، به‌ڵام له بیر نه‌كه‌ن ئێمه میلله‌تێكین هێشتا ملیۆنان خه‌ڵكمان له وڵاتانی ئه‌وروپی ئاواره‌ن، ئێمه نابێ بكه‌وینه ژێر كاریگه‌ری هه‌ندێ روداوی كاتی و هه‌ڵسوكه‌وتی هه‌ندێ عه‌ره‌بی ناوچه‌كه، كه بێگومان دواتر ئه‌وانه‌ش ده‌بێ لێپرسینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ بكرێ به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی له مه‌خمور و گوێر ده‌ژین و دواتر هه‌ر ده‌كه‌ونه‌وه ژێر ده‌سه‌ڵاتی كوردستان. به‌ڵكو پێویسته خوێنده‌واران و حكومه‌ت و ره‌وه‌ندی كوردی له رۆژئاوا له‌ڕێی راكێشانی سه‌رنجی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و شه‌قامی وڵاتانی رۆژئاوا بۆ را‌گرتن و په‌نا دانانی زیاتر له یه‌ك ملیۆن ئاواره له لایه‌ن حكومه‌تی كوردستان و خه‌ڵكی كوردستانه‌وه، هه‌وڵ بدرێ ده‌ستكه‌وتی گه‌وره‌ی لێوه بچنرێته‌وه.
Comments
Post a Comment