پێشتر
ته‌نیا سه‌رنج له‌سه‌ر نه‌هامه‌تیه‌كانى ژن بوو له رۆژهه‌ڵات...
ئافره‌تانى كۆبانێ چیڕۆكى دیكه بۆ میدیاى رۆژئاوا ده‌رباره‌ى ژن ده‌دۆزنه‌وه
ئافره‌تانى كۆبانێ چیڕۆكى دیكه بۆ میدیاى رۆژئاوا ده‌رباره‌ى ژن ده‌دۆزنه‌وه
هێمن میرانى
به‌شدارى فراوانى كچان و ژنانى كورد له شه‌ڕى دژى داعش له باشور و رۆژئاواى
كوردستان به گشتى و شارى خۆڕ‌اگرى كۆبانێ به تایبه‌ت وه‌ك دیارده‌یه‌كى گرنگ له
میدیاكانى رۆژئاوا سه‌یر ده‌كرێ. ده‌ركه‌وتنى ئافره‌تان به چه‌كه‌وه شان به
شانى پیاوان له ریزه‌كانى پێشه‌وه‌ى شه‌ڕێكى یه‌كجار سه‌ختى وه‌كو ئه‌وه‌ى كۆبانێ
بۆ میدیاى رۆژئاوا بابه‌تێكى سه‌رنج راكێش و جێی بایه‌خه به تایبه‌ت كه ژن له
كۆمه‌ڵگا رۆژهه‌ڵاتیه‌كان سیمبولى چه‌وسانه‌وه و جیاكارى ره‌گه‌زییه و ئه‌و
راپۆرتانه‌ى ده‌رباره‌ى دۆخى ئافره‌ت له رۆژهه‌ڵات ده‌گوازرێنه‌وه هه‌میشه باس
له نه‌هامه‌تیه‌كانى ژن ده‌كه‌ن. رۆژنامه‌كانى رۆژئاوا و رێكخراوه‌كانى بوارى
مافه‌كانى مرۆڤ راهاتبوون له‌سه‌ر بڵاوكردنه‌وه‌ى راپۆرت ده‌رباره‌ى قه‌باره ئه‌و
توندوتیژیه جۆراوجۆرانه‌ى رۆژانه به‌رامبه‌ر به ره‌گه‌زى مێینه له وڵاتانى
دواكه‌وتووى رۆژهه‌ڵات ئه‌نجام ده‌درێن، راهاتبوون باس له‌وه بكه‌ن هێشتا له هه‌ندێ
وڵات ئافره‌ت مافى نیه خۆى كاندید بكات، مافى نیه بخوێنێ، مافى نیه بچێته ده‌ره‌وه،
ته‌نانه‌ت له وڵاتێكى وه‌كو سعودیه مافى ئه‌وه‌ى نیه شوفێرى بكات. ئه‌مجاره
ئافره‌تانى كۆبانێ و كوردستان به گشتى تایتلى نوێیان بۆ میدیاكانى رۆژئاوا دۆزیوه‌ته‌وه.
ئافره‌تانى كورد به میدیاكانى رۆژئاوایان گوت كه چیڕۆكى زۆر جوانى ژیانى ژن هه‌یه كه هێشتا ئێوه نه‌تانزانیووه.
ئافره‌تانى كورد به میدیاكانى رۆژئاوایان گوت كه چیڕۆكى زۆر جوانى ژیانى ژن هه‌یه كه هێشتا ئێوه نه‌تانزانیووه.
له چه‌ند مانگى رابردووى شه‌ڕى دژى داعش، سه‌دان
راپۆرت و چیرۆك له رۆژنامه دیاره‌كانى به‌ریتانیا ده‌رباره‌ى ئازایه‌تى ئافره‌تى
كورد بڵاو كراونه‌ته‌وه. ده‌یان مانشێتى هاوشێوه‌ى ( كچه كوردێك سه‌د داعشى به
ده‌ستى خۆى كۆشتووه...
كچه كوردێك خۆى ته‌قاندنه‌وه بۆ ئه‌وه‌ى شاره‌كه‌ى نه‌كه‌وێته
ده‌ست داعش... كچه كوردێك ده‌ڵێ داعشه‌كان ده‌ترسن به ده‌ستى ئێمه بكوژێن چونكه
باوه‌ڕیان وایه ناچنه به‌هه‌شت ئه‌گه‌ر ژن بیانكوژێ... ده‌یان ناونیشانى دیكه).
رۆژنامه‌كان له‌م رۆژانه بایه‌خیان به چیرۆكى نێوان باوك و كچێك داوه له
كۆبانێ كه به رێكه‌وت له به‌ره‌كانى شه‌ڕ یه‌كتر ده‌بینن. رۆژنامه‌ى ده‌یلى مه‌یل
راپۆرتێكى به ناونیشانى ( خێزانێك له به‌ره‌كانى پێشه‌وه‌ى شه‌ڕ: باوك و كچه ههرزهكارهكهى
شه‌ڕ ده‌كه‌ن له پێناوى رێگرى كردن له پێشڕه‌وییه‌كانى داعش له كۆبانێ).
ئه‌م راپۆرته باس له په‌روین كۆبانێ و فاروقى باوكى ده‌كات كه پێكه‌وه له دوو
به‌ره‌ى جیاوازدا له كۆبانێ شه‌ڕ له پێناوى شار و ناسنامه و نیشتیمانى خۆیان ده‌كه‌ن.
په‌روین، ته‌مه‌ن 19 ساڵ، له به‌ره‌كانى رۆژهه‌ڵاتى كۆبانێ شه‌ڕ ده‌كات كه به‌رده‌وام
له به‌رده‌م هێرشه‌كانى داعشدا بووه. به رێكه‌وت په‌روین له كونجێكى شه‌ڕدا
چاوى به باوكى ده‌كه‌وێت.
په‌روین ده‌ڵێ " له‌وه‌ته‌ى زانیوومه باوكم له
به‌ره‌كانى رۆژئاوادا شه‌ڕ ده‌كات، هه‌ستێكى زۆر تایبه‌ت و خۆشم هه‌یه، زۆر هه‌ست
به شانازى ده‌كه‌م و ئه‌مه هێزى زیاترم پێ ده‌به‌خشێ كه خه‌بات بكه‌م". په‌روین
دوو ساڵ له‌مه‌وبه‌ر هاتۆته ریزى شه‌ڕڤانانى رۆژئاواى كوردستان و له یه‌كینه‌كانى
پاراستنى ژنان ده‌ستى به چالاكى كردووه. رۆژنامه‌وان جه‌یك سیمكین له نێو
كۆبانیه‌وه راپۆرتێكى ڤیدیۆیی ده‌رباره‌ى په‌روین و باوكى ئاماده كردووه و له
ئاژانسى نێوده‌وڵه‌تى ئه‌سۆسیه‌تید پرێس بڵاوكرایه‌وه كه له سه‌رتاسه‌رى دونیا
ده‌نگى دایه‌وه. راپۆرته‌كه له زارى په‌روینه‌وه خه‌باتى ژنى كورد بۆ ئازادى و
وه‌ك یه‌كى پیشان ده‌دات، په‌روین ده‌ڵێ " من هیچ جۆره ئاره‌زوو و ئومێدێكى
تایبه‌تم نیه ته‌نیا ده‌مه‌وێ وه‌كو مرۆڤێكى ئاسایی و ئازاد بژیم و ژیانى خۆم
بگوزه‌رێنم. ته‌نیا ده‌مه‌وێ بتوانم به ئازادى بژیم و مافه‌كانى خۆم وه‌كو مرۆڤ
به ده‌ست بێنم". په‌روین باس له خۆڕ‌اگرى خۆى و هاوڕێیه شهڕڤانهكانهكانى
و ئه‌و ژماره‌یه پێشمه‌رگه‌یه ده‌كات كه له باشورى كوردستانه‌وه بۆ پاڵپشتى
چونه‌ته كۆبانێ و ده‌ڵێ " بێگومان تا دوا دڵۆپى خوێنمان نایه‌ڵێن تیرۆریستان
شاره‌كه‌مان داگیر بكه‌ن".
![]() |
فاروق کۆبانێ، باوکی په‌روین |
فاروقى باوكى په‌روین له ناوه‌ڕاستى مانگى ئه‌یلول هاتۆته نێو به‌ره‌كانى شه‌ڕ ئه‌و كاته‌ى داعش هێرشه‌كانى بۆ داگیركردنى كۆبانێ چڕ كرده‌وه. جه‌یك ى رۆژنامه‌وان و په‌روین به یه‌كه‌وه ده‌چنه به‌ره‌ى رۆژئاوا بۆ ئه‌وه‌ى په‌روین و باوكى به یه‌ك شاد بكه‌نه‌وه. په‌روین به رۆژنامهنوسهكهى گوتووه كه ئێستا باوكى وه‌كو هاو خه‌باتى وایه، له گه‌ڵ ئه‌وه‌ش له كاتى بینینیدا باوه‌شێكى میهره‌بانى باوكانه‌ى لێ وه‌رده‌گرێ.
![]() |
فاروق و په‌روین ی کچی |
فاروق كۆبانێ، كه پێشتر جوتیار بووه‌و هاوسه‌ره‌كه‌ى له كه‌مپێكى توركیا ئاواره‌یه، شانازى به كچه‌كه‌یه‌وه ده‌كات و ده‌ڵێ " هه‌موو كات پێم گوتووه كه له شه‌ڕدا ده‌بێ بیرت ته‌نیا له لاى شهڕهكهت بێ".
Comments
Post a Comment