ده‌سه‌ڵاته‌کانی سه‌رۆک وه‌زیر سنوردار بکه‌ن
هێمن میرانی
له‌ئه‌زمونی بیست ساڵی رابردوی حوکمداری له کوردستان، که‌سێک که زۆرترین ده‌سه‌ڵاتی هه‌بوه، تا ئاستی هاوشێوه‌ی ده‌سه‌ڵاتی سه‌رۆک له‌سیستمی سه‌رۆکایه‌تیدا، خودی سه‌رۆک وه‌زیر بوه. له‌کاتێک له‌سیستمی پارله‌مانیدا سه‌رۆک وه‌زیر و ده‌سه‌ڵاته‌کانی له‌ژێر چاودێری و وردبینی دایه و ده‌ستی ئه‌وه‌نده درێژ نیه. هه‌ندێ له‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌ی سه‌رۆک وه‌زیره‌کانی کوردستان پیاده‌یان کردوه خودی سیستمه‌که پێی داون و هه‌ندێکیشی له‌ناکارایی و نه‌بونی ده‌زگاکانی لێپێچینه‌وه و چاودێری وه‌کو پارله‌ماندا، سه‌رۆک وه‌زیر ده‌سه‌ڵاته‌کانی فراوان کردوه، هه‌ندێکیشی له‌وه ده‌ستکه‌وتوه که پێی ده‌گوترێ ده‌سه‌ڵاتی ئازادی و ده‌ست کراوه‌یی له ره‌فتارکردن Discretion.
سه‌رۆک وه‌زیره‌کانی کوردستان له‌بیست ساڵی رابردو که ژماره‌یان ناگاته په‌نجه‌کانی هه‌ردو ده‌ست، به‌هۆی ئه‌وه‌ی پارله‌مان کارا نه‌بوه، ئۆپۆزسیۆن بۆ چاودێری و لێپرسینه‌وه بونی نه‌بوه، موماره‌سه‌ی زۆرترین ده‌سه‌ڵاتیان کردوه. پارتی و یه‌کێتی چ له‌سه‌رده‌می دو ئیداره‌یی و چ پێکه‌وه له‌سه‌رده‌می حکومه‌تی هاوپه‌یمانێتی له‌دوای 2005ه‌وه ده‌سه‌ڵاته‌کانی سه‌رۆک وه‌زیریان یان وه‌کو جاران هێشتۆته‌وه یان هه‌ر فراوانیان کردوه. بۆ نمونه ئه‌و هه‌زاران که‌سه‌ی به پێویستی و بێ پێویستی کرانه فه‌رمانبه‌ری حکومه‌ت سه‌رۆک وه‌زیره‌کانی ئێمه له‌سه‌ر پێشنیاری حیزبه‌کانیان کردیان. ئه‌و هه‌زاران که‌سه‌ی به‌پله‌ی جۆراوجۆر له‌ده‌ره‌وه‌ی رێنمایی و مه‌رجه‌کان خانه‌نشین کران سه‌رۆک وه‌زیره‌کانی ئێمه کردیان. ئه‌و سه‌دان که‌سه‌ی به پله‌ی جۆراوجۆری باڵا خانه‌نشین کراون و کۆڵێک پاڵه‌په‌ستۆیان خستۆته سه‌ر بودجه‌ی حکومه‌ت سه‌رۆک وه‌زیره‌کانمان کردویانه.
سه‌رۆک وه‌زیره‌کانی ئێمه به قه‌ڵه‌مه سه‌وزه‌کانیان و به نوسراوی نهێنی ئه‌مانه‌ی سه‌ره‌وه‌یان کردوه و نه‌یانپرسیوه ئه‌مه چ جۆره سیاسه‌تێکی ئابوری و ئیداریه که ئه‌و جۆره پله و پاره به‌خشینه‌وه بێ سنوره‌ی لێوه پێناسه ده‌کرێ. کێشه‌ی نه‌بونی رونێتی و نادیاری له‌داهاتی چه‌ند ساڵه‌ی رابردوی به‌رهه‌مه نه‌وتیه‌کان، که کێشه‌کانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدای قوڵتر کردوه و کاریگه‌ری راسته‌وخۆی له‌سه‌ر نان و قوتی خه‌ڵک داناوه، سه‌رۆک وه‌زیر لێی به‌رپرسیاره و تائێستا له‌به‌رامبه‌ردا نه‌خراوه‌ته به‌رده‌م لێپرسینه‌وه‌یه‌کی جددی. ئه‌و هه‌مو پاره به‌خشینه‌وه‌ی به‌و و ئه‌و دران، ئه‌و هه‌مو زه‌ویه‌ی بێ پلان و به‌رنامه بۆ چنینه‌وه‌ی قازانجی سیاسی و رازیکردن دابه‌شکران، سه‌رۆک وه‌زیره‌کانی ئێمه واژویان له‌سه‌ر کرد.
ره‌نگه به‌شێکی ئۆباڵی ئه‌و دۆخه له ئه‌ستۆی ئه‌و سه‌رۆک وه‌زیرانه‌ی ئێمه بێ که هه‌میشه حه‌زیان به وه‌رگرتنی ئافه‌رینه بۆ خۆیان له‌سه‌ر حسابی بودجه و داهاتی گشتی، به‌شێکیشی دیکه‌ی ده‌که‌وێته ئه‌ستۆی حیزبه‌کانیان که بۆ رازیکردنی خه‌ڵکی خۆیان زۆرترین پاڵه‌په‌ستۆیان خستۆته سه‌ر سه‌رۆک وه‌زیره‌کانمان و زۆرترین هه‌ڵه‌یان پێ کردون که ئه‌مڕۆ و له‌ئاینده خه‌ڵک و ئیداره له کوردستان ده‌بێ باجه‌که‌ی بده‌ن. بێگومان به‌شێکی ئه‌و به‌رپرسیارێتیه ده‌که‌وێته ئه‌ستۆی خه‌ڵکی دیکه له‌ناو کابینه‌کانی پێش‌و، له‌پارله‌مان، له‌حیزبه‌کانی دیکه که ئه‌و هه‌مو ده‌سه‌ڵاته ته‌قدیری و راسته‌قینه‌یه درایه سه‌رۆک وه‌زیر و پێیان نه‌گوت ئه‌مه نابێ.
ئێستا به‌هۆی به‌شێک له‌و هه‌ڵانه‌ی له سه‌ره‌وه ئاماژه‌یان بۆ کرا کوردستان دوچاری ته‌نگه‌ژه‌ی ئابوری بوه و له‌سه‌ر لێوای ئیفلاسی سیاسی و ئابوریه، ده‌بێ به‌خۆداچونه‌وه و سنوردان ده‌ست پێ بکا.
له‌کابینه‌ی نوێوه ده‌بێ سه‌رۆک وه‌زیر که‌مترین ده‌سه‌ڵاتی ته‌قدیری له‌ده‌ست بمێنێ. ده‌بێ ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وه‌ی به نوسراوی نهێنی ئافه‌رین بۆ خۆی و قازانجی سیاسی بۆ حیزبه‌که‌ی به‌شێوه‌ی ناشه‌رعی و له‌سه‌ر حسابی بودجه و داهاتی نیشتیمانی ده‌ست بکه‌وێ، کۆتایی پێ بێ. سه‌رۆک وه‌زیر مافی خۆیه‌تی ده‌سه‌ڵاته‌کانی خۆی پیاده‌بکا وه‌کو سه‌رۆکی کابینه و که‌سی یه‌که‌می گروپی جێبه‌جێکاری به‌رنامه‌ی حکومه‌ت، به‌ڵام ده‌بێ پارله‌مانی نوێ و ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی نوێ ده‌سه‌ڵاته تهقدیریهکان له‌سه‌رۆک وه‌زیر وه‌ربگرنه‌وه. ئه‌م پرۆسه‌یه هه‌م به‌رپرسیارێتی دابه‌ش ده‌کا و چیتر به ته‌نیا سه‌رۆک وه‌زیر ناکه‌وێته به‌ر ره‌خنه و به ته‌نیاش ئافه‌رین وه‌رناگرێ، هه‌م راوێژی زیاتر و بیرکردنه‌وه‌ی زیاتر له‌بڕیاره‌کان دێنه پێشه‌وه و که‌مترین بڕیاری تاکه‌که‌سی بۆ قازانجی که‌سی یان حیزبی ده‌درێن.
له سایتی سبه‌ی له‌م لینکه‌ی خواره‌وه بڵاو کراوه‌ته‌وه
Comments
Post a Comment