یه‌کێتی موچه‌ی ئه‌و مانگهشهی هێنا، خوا هه‌ر که‌ریم بووه بۆ مانگه‌کانی داهاتوو!
هێمن میرانی
نه‌بوونی پاره له بانکه‌کانی هه‌رێم، پشت به‌ستنی ته‌واو به‌و رێژه‌یه‌ی له به‌غداوه دێ، نادیاری داهاتی نه‌وت و داهاته ناوخۆییه‌کان یه‌کێکه له هێماکانی فه‌شه‌لی حوکمڕانی له کوردستان و براده‌رانی حاکم ده‌بێ ئه‌وه به رۆحی وه‌رزشی وه‌ربگرن.
به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێی پێکه‌نینه ئه‌و دهنگوباسانهیه که باس له‌وه ده‌که‌ن ئاغای مالیکی له‌به‌ر خاتری کاک عادل موراد و یه‌کێتی موچه‌ی مانگی دووی ناردووه!
باشه حکومه‌تی کاربه‌ڕێکه‌ری هه‌رێم هی پارتی و یه‌کێتی نیه؟ ئه‌ی حکومه‌تی هاوپه‌یمانی نیه؟ بۆ یه‌کێتی ده‌بێ شانازی به‌وه بکا که له‌به‌ر خاتری ئه‌و نه‌ک حکومه‌تی هه‌ریم موچه ره‌وانه کراوه؟
بۆ له‌وه ناترسن که مالیکی خه‌ریکی یاریه‌کی ناشرینه و ده‌یه‌وێ دووبه‌ره‌کی زیاتر له نێوان هێزه کوردیه‌کان دروست بکا!
ئاشکرایه که به‌ره‌کان دابه‌ش بوون و به‌ره‌ی ئێرانی و به‌ره‌ی تورکی له کوردستان هه‌یه، به‌ڵام نهفامیهکه بگاته ئه‌و ئاسته‌ی یاری و سیاسه‌ت به نانی خه‌ڵکی هه‌میشه به‌شمه‌ینه‌تی کوردستان بکرێ، ئه‌وه عه‌یبێکی گه‌وره‌یه!
خه‌ڵک له بێ پاره‌یی زیڕه‌ی دێ، ئێوه‌ش هه‌ر خه‌ریکی فعلی قۆڕی خۆتانن، ئه‌گه‌ر تۆزێک شه‌رمتان له‌و میلله‌ته کردبوایه دوای ئه‌و هه‌موو مانگه رێزی ئه‌و میلله‌ته‌تان ده‌گرت و له‌سه‌ر ئه‌م وه‌زاره‌ت و ئه‌و وه‌زاره‌ت بێ حکومه‌تتان نه‌ده‌کردین!.
من هه‌ر ده‌مه‌وێ خۆم بخه‌ڵه‌تێنم و وا خۆم ده‌ربخه‌م که به‌راستی من نه‌زانم و له‌و حیکمه‌تانه ناگه‌م که حزبه کوردیه‌کان سیاسه‌تی پێ ده‌که‌ن له کوردستان! هه‌ر ده‌مه‌وێ بێ ده‌نگ بم و قسه نه‌که‌م نه‌باده به‌شدار بم له گرژ کردنی زیاتری دۆخه‌که، هه‌ر ده‌مه‌وێ بڵێم کوره کابرا تۆی نه‌زان چیت ره‌خنه له‌و حزب و سیاسیه شۆرشگێرانه بگری که سمێڵ و سه‌ریان له سیاسه‌ت سپی کرد، ئاخر تۆ چ ده‌زانی؟
باوه‌ڕم وایه من هیچ نازانم، ئه‌وه بڕاوه‌یه، به‌س وه‌ڵاهی ئه‌وه‌ی ئێوه به‌و میلله‌ته‌ی ده‌که‌ن گه‌مژه‌یی و نه‌زانی و خۆپه‌رستیه‌کی سیاسی له راده‌به‌ده‌ره. ده‌بێ ته‌نیا مه‌منونی خوا بن که له کوردستانن، ده‌نا له سۆماڵیش بوان میلله‌ت ئه‌وه‌نده سه‌بری درێژ نه‌بوو!
خوا به قوربانی ئه‌و میلله‌ته‌تان بکا.
Comments
Post a Comment